بە خۆراك ئاستی وزەی لەشت بەرز بكەرەوە

بە خۆراك ئاستی وزەی لەشت بەرز بكەرەوە
ئەگەر هەست بە بێ تاقەتی و ماندووبوونێكی بەردەوام دەكەیت لەگەڵ كەمیی وزە Low energy، هەوڵ بدە گۆڕانكاری لە خۆراكتدا بكەیت. خواردنی بڕێكی زۆر لە سەوزە و میوەی جیاواز و تێكەڵ، بەتایبەتی ئەگەر ئۆرگانیك بێت، ئەوا رێژەیەكی بەرز لە ماددەی خۆراكی و دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرێت كە زۆر پێویستن بۆ تەندروستییەكی باش و بەرزترین ئاستی كرداری گۆڕینی خۆراك بۆ وزە (میتابۆلیزم Metabolism) یان دابینكردنی وزە. لە خۆراكتدا زۆر گرنگی بە ڤیتامین C بدە كە رۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی وزەی لەش، سەرچاوە دەوڵەمەندەكانی ڤیتامین C بریتین لە میوە مزرەكانی وەكو پرتەقاڵ و لیمۆ و لالەنگی، كیوی، هەروەها بیبەری شیرین، برۆكۆلی، كاڵەك، فەراولە. خواردنەوەی بڕێكی زۆری ئاو رێگر دەبێت لە وشكبوونەوە كە هۆكارێكی زەقە بۆ هەستكردن بە بێهێزی و زوو ماندووبوون. خۆراكی دەوڵەمەند بە ریشاڵ رۆڵی هەیە بۆ دەردانێكی لەسەرخۆی هۆرمۆنی ئینسولین، ئەمەش سوودبەخشە بەوەی كە یارمەتی هێشتنەوەی ئاستێكی جێگیر و بەردەوامی وزە دەدات، سەرچاوە دەوڵەمەندەكانی ریشاڵ بریتین لە پاقلەمەنییەكانی وەكو نیسك، پاقلە، نۆك، فاسولیا، لۆبیا، بەزالیا.
Top