سەوزە میوە جگە لە پرۆتین، كاربۆهیدرات، ڤیتامین و كانزا كە زۆر گرنگن بۆ پاراستنی تەندروستی، گەلێك ماددەی تر كە بە ماددە كیمیاییە رووەكیەكان Phytochemicals ناسراون لەخۆدەگرن كە هەندێكیان سیفەتی دژەئۆكسانیان هەیە، هەندێكی دیكە رۆڵیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە، هەندێكی تر بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشيی دڵ، نەخۆشيی شەكرە، رەقبوونی خوێنبەرەكان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. توێژینەوەكان روونیان كردۆتەوە كە دەكرێ تا رێژەی 65% خۆمان لە تووشبوون بە شێرپەنجە بپارێزین، ئەمەش تەنیا بە چەند گۆڕانێك لە ستایلی ژیانماندا لەوكاتەی كە هۆكاری 30% ی حاڵەتەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە دەگەڕێتەوە بۆ ناڕێكی لە خۆراكدا بەتایبەتی چەوريی زۆر و كەميی ریشاڵ. ئەمە ئاشكرایە كە زیاد خواردنی سەوزە و میوە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە كەم دەكاتەوە، هۆكارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاوێتە كیمیاییە رووەكییانەی كە بە ڤیتامینەكانی دواڕۆژ Future vitamins ناسراون. تا ئێستا پتر لە 900 جۆر لەم ئاوێتانە ناسراون و رۆژ لە دوای رۆژی ئاوێتەی نوێ دەدۆزرێتەوە، هەر خۆراكێكی رووەكی ژمارەیەكی زۆری لەم مادە كیمیاییانەی تێدایە، بۆ نموونە قاپێكی سوپی سەوزەی تێكەڵاو پتر لە 100 جۆر لەم مادە كیمیاییانەی تێدایە، بۆیە واباشە كە رۆژانە بە لای كەم 5 جار سەوزە و میوە بخۆیت.