ئێسكەنەرمە Rickets بریتییە لە نەرمبوون و لاوازبوونی ئێسك لە منداڵدا كە نیشانەكانی بریتین لە خواربوون و ئازاری ئێسك بەتایبەتی لە بڕبڕەكانی پشت، باسكەكان، حەوز، قاچەكان، لەگەڵ سستبوونی گەشەی ئێسك و باڵاكورتی و ناڕێكیبوونی ددانەكان. هۆكاری ئێسكەنەرمە دەگەڕێتەوە بۆ كەمی ڤیتامین D و كانزایەكانی كالسیۆم و فۆسفۆر. ئەو خۆراكانەی كە سوودبەخشن بۆ خۆپاراستن یان چارەسەركردنی ئێسكەنەرمە پێویستە كە دەوڵەمەند بن بە ڤیتامین D و كالسیۆم و فۆسفۆر. ڤیتامین D زۆر گرنگە بۆ بەهێزكردنی ئێسك، باشترین سەرچاوە بۆ دابینكردنی پێویستی رۆژانەی ڤیتامین D خۆدانە بەر تیشكی خۆرە بەتایبەتی لەوكاتەی كە ئاراستەی تیشكی خۆر لارە بۆ نموونە بەیانی زوو یان ئێوارە، سەرچاوە خۆراكییەكانیش بریتین لە ماسی سالمۆن و ماكارێل و تونە، زەیتی جگەری نەهەنگ، هێلكە، ماست. كالسیۆم بە هەماهەنگی لەگەڵ ڤیتامین D و فۆسفۆر رێگا لە ئێسكەنەرمە دەگرێت، زیاتر لە 99%ی كالسیۆمی لەش لە ئێسكەكاندایە، خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە كالسیۆم بریتین لە شیر، ماست، پەنیر، سەوزەگەڵا تاریكەكان وەكو سپێناغ و سڵق. كانزای فۆسفۆر زۆر گرنگە بۆ پتەویی ئێسك، خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە فۆسفۆر بریتین لە شیر و بەرهەمەكانی، هێلكە، ماسیی سالمۆن، گۆشتی مریشك و قەلەموون، گەنمی تەواو Whole wheat.