شۆربای نیسك Soup Lentils خۆراكێكی سووكە، خێرا ئامادە دەكرێت، هەرسكرنی ئاسانە، بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە، سوودی تەندروستی زۆرە. لە رووی بەهای خۆراكییەوە شۆربای نیسكی زەرد یان شۆربای نیسكی سەوز هیچ جیاوازییەكیان نییە. شۆربای نیسك، سەرچاوەیەكی باشە بۆ ریشاڵ Fiber كە ئاستی كۆلیستیرۆل دادەبەزێنێت و قۆڵۆن لە گرژبوونی دەپارێزێت. جگە لەمانە، شۆربای نیسك ئاستی شەكری خوێن رێكدەخات. شۆربای نیسك چەندین كانزای گرنگی تێدایە لەگەڵ دوو جۆری ڤیتامین B و رێژەیەكی باشی پرۆتین و هیچ چەوریشی تێدانییە ئەگەر چەوری تێنەكرێت. شۆربای نیسك رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە خۆپاراستن لە نەخۆشیی دڵ، بەوەی كە شۆربای نیسك كانزای مەگنسیۆم و فۆلێتی تێدایە كە ئەم رۆڵە گرنگەیان هەیە. شۆربای نیسك، جگە لە سوودەكانی بۆ كۆئەندامی هەرس و دڵ، وزەیەكی بەرە بەرە دەدات بەوەی كە كاربۆهیدراتی ئاڵۆزی تێدایە و شەكری خوێن رێكدەخات هەتا لە تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرەشدا. خواردنی شۆربای نیسك بڕێكی باش لە كانزای ئاسن بۆ لەش دابین دەكات بۆیە گونجاوە بۆ چارەسەركردن و خۆپاراستن لە كەمخوێنی. ئەمەش هەرگیز لە بیر مەكە كە ئافرەتی دووگیان، ئافرەتی شیردەر، منداڵ و هەرزەكاران رۆژانە زیاتر لە خەڵكانی تر پێویستییان بە كانزای ئاسنەوە هەیە. ئاسن لە سەرچاوەی رووەكی وەكو نیسك جیاوازی نییە لەو ئاسنەی كە لە خۆراكی ئاژەڵیدا هەیە.