بایەخی تەندروستیی شیرەی گێلاس

بایەخی تەندروستیی شیرەی گێلاس
شیرەی گێلاس Cherry Juice بە كۆمەڵێك ماددەی دژەئۆكسان باركراوە لەگەڵ بڕێكی كەمیی وزە، بۆ نموونە كوپێك شیرەی گێلاس نزیكەی 137 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت. بەشێك لەو ماددە دژەئۆكسانانەی كە رەنگە سوورە تاریكەكەیان بە شیرەی گێلاس بەخشیوە، رۆڵیان هەیە بۆ تاودانی سووڕی خوێن و پاراستنی فرمانی دروستی دەرمارەكان، هەروەها لەش لە تووشبوون بە گەلێك جۆری شێرپەنجە دەپارێزن. شیرەی گێلاس یەكێك لە بەهێزترین ماددەی دژەئۆكسانی بە ناوی كوێرسێتین Quercetin تێدایە كە بە توندی رێگا دەگرێت لە ئۆكسانی كۆلیستیرۆلی خراپ و نووسانی بە ناوپۆشی خوێنبەرەكانەوە كە دەبێتە هۆی نۆرەی دڵ یان جەڵتەی مێشك، هەروەها ماددەی كوێرسێتین چالاكی دژەهەوكردنی هەیە كە ئەمەش نیشانەكانی رەبو و نەخۆشییەكانی تری كۆئەندامی هەناسە سووك دەكات، هەروەها یارمەتی زوو چاكبوونەوەی ماسوڵكە دەدات لە هەر زیانێك كە لەوانەیە پاش ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی توند رووبدات بەتایبەتی ئازار و كەمبوونوەی تۆنی ماسوڵكە، هەروەها نیشانەكانی هەوكردنی جومگە لە ئەنجامی كۆبوونەوەی ترشی یۆریك. كرداری ئۆكسان بەتایبەتی لە بەساڵاچوواندا ئەگەری مردن زیاد دەكات بە نەخۆشییەكانی هەوكردن، رەقبوونی خوێنبەرەكان، نەخۆشیی دڵ، نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی ئەلزهایمەر، بۆیە شیرەی گێلاس بە ماددە دژەئۆكسانەكانییەوە بایەخی زۆری هەیە بۆ پاراستنی تەندروستی لە بەساڵاچوواندا.
Top