سوود و زیانەكانی خۆراكی تیژ

سوود و زیانەكانی خۆراكی تیژ
لە رابردوودا وا باوبوو كە خۆراكی تیژ Spicy food گرفت لە گەدە پەیدا دەكات و كولبوونی گەدە توندتر دەكات، لە راستیدا خۆراكی تیژ بە بڕی كەم یان مامناوەندی لەوانەیە كە ناوپۆشی گەدە بپارێزیت. خۆراكی تیژی وەكو بیبەری تیژ هانی گەدە دەدات بۆ دەردانی بڕی كەمتر لە ترشی هایدرۆكلۆریك HCL، ئەگەرچی سەرەتا هەست بە سووتانەوە و گەرمی دەكەیت لە دەم و قوڕگدا، بەڵام پاش ماوەیەك رادێیت و سووتانەوەكە نامێنێت بەتایبەتی ئەگەر سەرەتا بە خواردنی بڕی كەم دەستپێبكەیت. كەسانێك بەردەوام ئەم پرسیارە دەكەن كە ئایا خۆراكی تیژ رۆڵی هەیە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش؟ ئەگەرخۆراكی تیژ بۆ بەخشینی چێژ ببێتە جێگرەوە
بۆ چەورییەكان، ئەو كاتە بڕی وزەی رۆژانە كەم دەبێتەوە، دەرەنجام لەوانەیە كە كێشی لەش دابەزێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە بیبەری سووری تیژ كرداری میتابۆلیزم تاودەدات، واتە هانی لەش دەدات بۆ زیاتر و خێراتر سووتاندنی وزە، هەروەها لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە بیبەری سوور هەستی برسیبوون دوادەخات، ئەمەش هاندەرێكی ترە بۆ كۆنترۆلكردنی كێشی لەش. كاری Curry ماددەی كوركومین Curcumin لەخۆدەگرێت كە رەنگە زەردەكەی پێ بەخشیوە، سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە و چالاكی دژی شێرپەنجەی هەیە بەتایبەتی شێرپەنجەی پرۆستات، بۆیە لە هیندستان لەبەر زیاد خواردنی كاری رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات دەگمەنە. سوودەكانی تری خۆراكی تیژ: كەمكردنەوەی گیرانی لووت، كەمكردنەوەی نیشانەكانی هەڵامەت و ئەنفلوەنزا، سووككردنی نیشانەكانی رەبو و هەوكردنەكانی كۆئەندامی هەناسە، لەوانەیە كە مەزاج خۆشتر بكات، لەوانەشە كە هەوكردن لە لەشدا كەم بكاتەوە و تونديی ئازار سووك بكات.
Top