لە نەخۆشیی شەكرەدا، هەموو نیشانە و ئاڵۆزییەكان لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن پتر لە ئاستی ئاساییدا روودەدەن. بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری Hyperglycemia خوێن وا دەكات كە پرۆتین و چەوری و خانەكان لەناو خوێندا بەیەكەوە بنووسێن، بەمەشەوە هاتووچۆی خوێن كزدەبێت و لەوانەیە كە هەندێك ماددە بە ناوپۆشی خوێنبەرەكانەوە بنووسێن و ببنە ئەگەری پەیدابوونی تۆپەڵی خوێنی مەییو Blood clots كە زۆر جار دەبێتە هۆی گیرانی تەواوی خوێنبەرێك یان پتر لە هەر بەشێكی لەشدا، بە مانایەكی تر شەكری بەرز لە خوێندا هەموو شانەكان لە هەموو بەشەكانی لەش دەگرێتەوە. بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن پێویستی بە دابەزاندنی خێرا هەیە ئەگینا زیانە تەندروستییەكان بەرەو زیادبوون دەچن. ئەگەر نەخۆشی شەكرەشت نەبێت، دابەزاندنی ئاستی شەكری خوێن دەتپارێزێت لە چەندین گرفتی تەندروستیی گەورەی وەكو: تێكدانی بۆڕییە وردەكانی خوێن لە تۆڕەی چاودا Retina كە هەندێك جار دەبێتە هۆی كوێربوون، تێكچوونی موولوولەكانی خوێن لە گورچیلەكاندا كە زیانی زۆریان پێدەگەیەنێت، تێكچوونی فرمانی دەمارەكان و هەوكردنیان، تێكدانی ناوپۆشی خوێنبەرەكان و ئەگەری نیشتنی خوێنی مەییو و تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و جەڵتە.