چەند رۆژێك پێش دەستپێكی سووڕی مانگانە

چەند رۆژێك پێش دەستپێكی سووڕی مانگانە
نزیكەی 85%ی ئافرەتان بەر لە دەستپێكی سووڕی مانگانەیان بە چەند رۆژێك دوچاری چەند نیشانەیەك دەبنەوە. ئەو ئافرەتانەی كە 5 رۆژ پێش دەستپێكی سووڕی مانگانە دوچاری نیشانەكان دەبنەوە كە تا چوارەم رۆژی سووڕی مانگانە بەردەوام دەبێت، پێی دەووترێت گرژيی پێش سووڕی مانگانە PMS كە حاڵەتێكی تایبەتە و تووشبوو ناڕەحەت دەكات و پێویستی بە چارەسەر هەیە. نیشانەكانی گرژيی پێش سووڕی مانگانە ئەمانەن: سك ئێشە، سكچوون یان قەبزی، هێڵنج، كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵە، رشانەوە راستەوخۆ بەر لە دەستپێكی سووڕی مانگانە. گەلێك ئافرەت دوچاری گۆڕان لە مەزاج دەبنەوە بە شێوەی ناڕحەتی دەروونی، تووڕەبوون یان زوو هەڵچوون، خەمۆكی، هەروەها خەوزڕان، زوو لەبیرچوونەوە، هەروەها پەیدابوونی زیپكە، تامیسكە، ئاوسانی دەموچاو، هەستكردن بە ناڕەحەتی یان ئازار لە مەمكدا، هەستكردن بە تەزین یان سڕبوون لە پەنجەكانی دەست و پێدا، هەستكردن بە ماندووبوون و بێهێزيی گشتيی لەش، سەرئێشە، سەرسووڕان، خێرابوونی لێدانی دڵ، گەرمبوونی ناوچەی سەر و مل، ئازار لە ماسوولكە و جومگەكاندا، سووربوونەوەی چاو. هۆكاری ئەم نیشانانە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبەزین و دابەزینی ئاستی هۆرمۆنەكانی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن كە رێژەكەیان لە ئافرەتێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازی هەیە. هەندێك ئافرەت لەو كاتانەدا دوچاری زیادبوونی ئارەزووی خواردن و زیادبوونی حەزی شیرینی دەبن لەگەڵ ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش بەهۆی زیاد كۆبوونەوەی شلە لە لەشدا.
Top