خۆراك بۆ خۆپاراستن لە خەمۆكی

خۆراك بۆ خۆپاراستن لە خەمۆكی
خۆراكی تەندروستییانە رۆڵی هەیە بۆ دووركەوتنەوە لە خەمۆكی و هەستكردن بە دڵخۆشی. كەمی ماددە خۆراكییەكان لەبەر خۆراكی ناهاوسەنگ دەبێتە هۆی ناخۆشبوونی مەزاج تا دەگاتە ئاستی خەمۆكی. ماددەی خۆراكی وەكو ترشە ئەمینییەكان كە یەكەی بنەڕەتی پرۆتینن، ترشە چەورییەكان، ڤیتامین و كانزایەكان كە بە هەماهەنگی رۆڵیان هەیە بۆ پاراستنی فرمانی شانەكانی مێشك و تەندروستی پەردەكانی مێشك. شانەكانی مێشك ماددەی سیرۆتۆنین Serotonin و دۆپامین Dopamine دروست دەكەن كە گرنگن بۆ هێشتنەوەی مەزاجێكی باش، كەمی ئەم ماددانەش پەیوەندی بە خەمۆكییەوە هەیە. هەندێك ترشە چەوری و ترشە ئەمینی گرنگن بۆ هێشتنەوەی ئاستی دروستكردنی ماددەی سیرۆتۆنین و دۆپامین لەناو شانەكانی مێشكدا، ڤیتامین و كانزایەكانیش پێویستن بۆ میتابۆلیزمی ئەم ترشە چەوری و ترشە ئەمینییە گرنگانە كە پێویستن بۆ فرمانی شانەكانی مێشك. ماسی ترشە چەوری ئۆمیگا3 و 8 ترشە ئەمینی گرنگ لەخۆدەگرێت، كەمی ئۆمیگا3 پەیوەندی بە خەمۆكییەوە هەیە، بۆیە لێرەدا بەكارهێنانی كەپسولی ئۆمیگا3 بۆ چارەسەركردن یان سووككردنی خەمۆكی بەكاردێت. نزیكەی 50%ی شانە رەنگ تۆخەكانی مێشك یان ماددەی خۆڵەمێشی Gray matter مێشك لە ترشە چەورییە فرەناتێرەكان پێكهاتووە، لەم رێژەیەشدا بڕی ترشە چەوری ئۆمیگا3 دەگاتە 33%. گۆڕینی خۆراك كاریگەری لەسەر باری دەروونیدا هەیە، بۆ نموونە زیادكردنی سەوزەی تازە، میوەی تازە، ماسی، كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی و كازو، تۆوەكان رۆڵی پۆزەتیڤیان بۆ باری دەروونی هەیە شان بە شانی دووركەوتنەوە لە خۆراكی خێرا و هەر خۆراكێكی تر كە تەنیا كالۆری بەتاڵ لەخۆدەگرێت.
Top