ئەگەرچی یەك دانە فستق 4 كالۆری تێدایە و رێژەیەك چەوری لەخۆدەگرێت، بەڵام خواردنی بە كەمی مەرج نییە كە ببێتە هۆی قەڵەوی. فستق Pistachio ماددەی گرنگی تێدایە وەكو پرۆتین، ریشاڵ، پۆتاسیۆم، فۆسفۆر، ڤیتامین A، چەند جۆرێكی كۆمەڵەی ڤیتامین B، چەوریی فستق لە جۆری ترشە چەورییە ناتێرەكانە كە بۆ تەندروستیی دڵ سوودبەخشن. هەر 100 گرام فستق 560 كالۆری وزە، 20 گرام پرۆتین، 27.5 گرام كاربۆهیدرات، 45 گرام چەوری لەخۆدەگرێت، كەواتە زیاد خواردنی فستق وزەیەكی زیاد دابین دەكات كە لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی كێش و قەڵەوی. چەند لێكۆڵینەوەیەكی چینی جەخت لەوە دەكەنەوە كە رۆژانە خواردنی 40- 70 گرام فستق لەگەڵ كەمكردنەوەی چەورییەكانی تر نەك هەر نابێتە هۆی قەڵەوی، بەڵكو رێژەیەكی باش لە ماددە گرنگەكان بۆ لەش دابین دەكات. فستق بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە، یارمەتی لەش دەدات بۆ بەدەستهێنانی وزە لە خۆراكدا، ئاستی شەكری خوێن جێگیر دەكات، نایەڵێت كە ترشەڵۆكی گەدە بگەڕێتەوە بۆ بەشی خوارەوەی سورێنچك و هەوكردن و ئازار پەیدا بكات، هەروەها سووڕی خوێن لە گورچیلەكان باشتر دەكات و نایەڵێت كە قوم لە كۆئەندامی میزەڕۆدا بنیشێت و ببێتە بەرد.