خۆراكی سروشتی كە چەوری سروشتی لەخۆبگرێت، كە جۆرێكیان كۆلیستیرۆلە بە مەرجێك بە شێوەیەكی مامناوەندی بخورێت بەتایبەتی بەروبوومە ئاژەڵییەكان لەگەڵ ستایلێكی ژیانی تەندروستییانەدا ئەوا هەرگیز بە تەنیا نابێتە هۆی نەخۆشی دڵ یان گرفتی تەندروستی تر. كۆلیستیرۆل لەوكاتەدا خراپ دەبێت كە بە كرداری ئۆكساندا تێپەڕدەبێت Oxidation بۆ نموونە كە گۆشت زیاد دەبرژێت و رەش هەڵدەگەڕێت یان لەناو زەیتێكی زۆر گەرمدا سووردەكرێتەوە. لە گەلێك لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل بە تەنیا هۆكار نییە بۆ نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، بەڵكو هەوكردنی درێژخایەنی Chronic inflammation دیواری خوێنبەرەكانی تاجی دڵ هۆكارە بۆ رەقبوونی خوێنبەر، ئەم هەوكردنە روودەدات لەبەر: هەوكردن بە میكرۆب، كەمی ماددە خۆراكییەكان بەتایبەتی ڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان، ماددەی كیمیایی لە خۆراك و ئاو و ژینگەدا، كانزا قوڕسەكانی وەكو جیوە و ئەلەمنیۆم و قوڕقوشم، زیانی لابەلای دەرمانەكان، دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە پیاودا، سستبوونی گلاندی دەرەقی، ناهاوسەنگی هۆرمۆنەكان لە ئافرەتدا بەتایبەتی دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین.