شوێنی ئازار لە سكدا رۆڵی هەیە بۆ دەستنیشانكردنی هۆكارەكەی، ئازار لە بەشی سەرەوەی سكدا پەیوەندی هەیە بە گەدە، پەنكریاس، جگەر و كیسی زراو، گورچیلەی راست، بەشێكی قۆڵۆن، سپڵ. بەدهەرسی Dyspepsia دەبێتە هۆی ئازارێكی بەردەوام كە زیاتر لە ناوەڕاسی بەشی سەرەوەی سكدا هەستی پێدەكرێت كە هاوكاتە لەگەڵ تێكچوونی هەرس و كۆبوونەوەی گاز لە گەدە و ریخۆڵەدا. هۆكاری بەدهەرسی دەگەڕێتەوە بۆ سترێس، هەستەوەری خۆراك، هەوكردنی گەدە بە بەكتریای هێلیكۆبەكتیر پایلۆری H.pylori كە دەبێتە هۆی كولبوونی گەدە و دوازدەگرێ. هەوكردنی شانەی سییەكان كە دەبێتە هۆی سووتانەوەی ناوپەنچك كە پەردەیەكی ماسوولكەییە و سییەكان لە بەشی سەرەوەی سك جیادەكاتەوە، دەبێتە هۆی ئازار لە بەشی سەرەوەی سكدا كە زیاتر لەكاتی هەناسەوەرگرتندا هەستی پێدەكرێت. بەردی زراو Gall stones كە زیاتر لە ئافرەت لە تەمەنی ناوەڕاستدا روودەدات، دەبێتە هۆی ئازار لە پاش ژەمی خواردن یان لەكاتی شەودا، ئازارەكە لە بەشی سەرەوە لای راستی سك راستەوخۆ لەژێر پەراسوودا هەستی پێدەكرێت كە لەوانەیە نیشانەی تری لەگەڵدا بێت وەكو هێڵنج، لەرز لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، زەردوویی Jaundice.