باینجان Eggplant وزەیەكی كەم لەخۆدەگرێت، سەرچاوەیەكی زۆر باشە بۆ ریشاڵ كە رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی شەكرە و قەبزی. باینجان رێژەی جیاواز لە ڤیتامینەكانی A بە شێوەی بیتا كارۆتین، كۆمەڵەی ڤیتامین B، ڤیتامین C لەخۆدەگرێت لەگەڵ كانزایەكانی پۆتاسیۆم، مەگنسیۆم، كالسیۆم، فۆسفۆر. توێكڵی باینجان ماددەی دژەئۆكسانی ناسونین Nasunin لەخۆدەگرێت كە پەردەی خانەكانی مێشك لە نەخۆشی دەپارێزێت و فرمانەكەی باشتر دەكات. ماددە فینۆلیكەكانی Phenolics باینجان رۆڵیان هەیە دژی شێرپەنجە و دژی میكرۆب بە تایبەتی ڤایرۆسەكان، سەرەڕای دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لە خوێندا. هەندێك جار لەبەر زیاد بەكارهێنانی ئاسن بە شێوەی دەرمان بۆ چارەسەركردنی كەمخوێنی، رێژەی كانزای ئاسن لە لەشدا زیاد دەبێت بە تایبەتی لە ئافرەتانی پاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی خوێنی مانگانە، ئەمەش ئەگەر چارەسەر نەكرێت زیانی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت، باینجان لەش لە كۆبوونەوەی بڕی زیادی ئاسن رزگار دەكات. لە هەندێك كەسدا، باینجان دەبێتە ئەگەری جۆرێك هەستەوەری بە شێوەی خورشتی پێست كە بە گشتی حاڵەتێكی سادەیە.