بەر لە 100 ساڵ هەر تاكێكی ئەمەریكی ساڵانە 900 گرام شەكری دەخوارد، كەچی ئەمڕۆ ئەم بڕە بۆ 27 كیلۆگرام بەرزبۆتەوە واتە 30 هێندە زیادی كردووە، ئەمەش پەیوەندی بەمەوە هەیە كە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان لە زیادبووندایە. خواردنی بڕی زیادی شەكر جگە لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، بارێكی گران دەخاتە سەر جگەر، بەمەشەوە ئەڵقەیەكی نەپچڕاوی ناڕێكی تەندروستی پەیدا دەبێت وەكو لاوازبوونی سستمی بەرگریی لەش و تێكچوونی هەرس. خواردنی شەكری زیاد واتە كالۆری زیاد كە بە سادەیی دەبێتە هۆی قەڵەوی و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. شەكر بە دوژمنی دڵ ناسراوە چونكە ئاستی كۆلیستیرۆلی باش لە خوێندا دادەبەزێنێت و ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ بەرز دەكاتەوە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیاد دەكات. وا باشە كە بڕی رۆژانە ی شەكر سنووردار بكرێت بۆ تەنیا 25 گرام واتە نزیكەی 6 كەوچكی كوپ بۆ ئافرەت و 36 گرام واتە نزیكەی 8.5 كەوچكی كوپ بۆ پیاو، كەچی زۆربەی خەڵك، پیاو و ئافرەت 3- 4 ئەوندە یان پتر رۆژانە شەكر دەخۆن. زیانە تەندروستییەكانی تری شەكر: دابەزینی بەرگری لەش بەرانبەر بە هەوكردنەكان بە بەكتریا، زێدە بزۆكی Hyperactivity منداڵ لەگەڵ كەمی تەركیز، بەرزبوونەوەی ئاستی چەوری گلیسریدە سیانییەكان و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشك، كلۆربوونی ددان، دڵەكزێ، پووكانەوەی ئێسك، تێكچوونی هاوسەنگیی كانزا و هۆرمۆنەكان، تاودانی لۆچبوون و پیربوونی پێست.