مەترسیی خواردنی هێلكەی ئێكسپایەربوو

مەترسیی خواردنی هێلكەی ئێكسپایەربوو
هێلكە سەرچاوەیەكی هەرزانی پرۆتینە، بەردەوام لە هەموو شوێنێك و لە هەموو وەرزەكاندا لەبەر دەستدایە، بەڵام خواردنی هێلكەی كۆن گرفتی تەندروستی پەیدا دەكات. مێژووی بەسەرچوون لەسەر كارتۆن و لەسەر یەكە یەكەی هێلكەكاندا نووسراوە. هێلكە كە لەناو سەلاجەدا لە پلەی گەرمیی ژێر 40 ی فەهرنهایت یان ساردتردا هەڵبگیرێت، ئەوا بۆ ماوەی5-4 حەفتە بە تازەیی و سەلامەتی دەمێنێتەوە، كەواتە بەگشتی وا باشترە كە هێلكە لە ماوەی یەك مانگدا بخورێت. هێلكەی كۆن یان ئێكسپایەربوو چێژێكی ناخۆشی هەیە و سەرچاوەیە بۆ ژاراویبوونی خۆراكی بە هۆی بەكتریای سالمۆنێللاوە Salmonella، لەوانەیە كە قەپێلك و سپێنە و زەردێنەی هێلكە بە بەكتریای سالمۆنێللا ئالودە بن. هەر چەند هێلكە كۆنتر بێت هێندە رێژە و گەشەی بەكتریای سالمۆنێللا لەناویدا زیاتر دەبێت و ئەگەری ژاراویبوونی خۆراكیش زیاتر دەبێت بەتایبەتی ئەگەر هێلكە لە پلەی گەرمی بەرزتر لە 40 پلەی فەهرنهایتدا خەزن بكرێت. جگە لە سالمۆنێللا، جۆری دیكەی بەكتریا لەناو هێلكەی ئێكسپایەربوودا گەشە دەكات و پاش خواردنی دەبێتە هۆی نەخۆشی، بۆ نموونە بەكتریای سیۆدۆمۆناس Pseudomonas، ئالوودەبوونی هێلكە بەم بەكتریایە رەنگی هێلكە بۆ شینێكی سەوزباو دەگۆڕێت، بۆنیشی ناخۆش دەبێت. هەروەها هێلكە بە كەڕوو ئالوودە دەبێت (كەرەكیفە Mold) بەتایبەتی ئەگەر بە ئاوی پیس بشۆردێت یان لە شوێنێكی شێدار هەڵبگیرێت، خواردنی هێلكەی ئالوودەبوو بە كەڕوو دەبێتە هۆی ئازار و هەوكردنی گەدە.
Top