هیچ خۆراكێك نییە كێشی لەش دابەزێنێت

هیچ خۆراكێك نییە كێشی لەش دابەزێنێت
بەر لەوەی كە بابەتەكە روون بكەینەوە، پێویستە ئەمە بزانین كە چۆن كێشی لەش زیاد دەكات. كە وزەیەكی زیاتر لە پێویستی رۆژانە لە خۆراكەوە وەردەگیرێت واتە زیاتر لە 2000- 2500 كالۆری لە رۆژێكدا كە بەسە بۆ كەسێكی پێگەیشتوو، لە هەمان كاتیشدا وزە زیادەكە بە جووڵە و مەشقی وەرزشی سەرف نەكرێت ئەوا لەش وزەی زیاد بە چەندین كارلێكی كیمایی ئاڵۆزەوە دەگۆڕێت بۆ چەوری كە لە نێوان پێست و ماسوولكەدا بە شێوەی بەز دەنیشێت كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە چەوری گلیسریدە سیانییەكان پێكهاتووە، بەمەشەوە كێشی لەش زیاد دەكات. بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، پێویستە لەش ناچار بكرێت كە ئەم كارلێكە كیمیاییانە پێچەوانە بكاتەوە، واتە پاش كەمكردنەوەی وزە لە خۆراك و زیاد سەرفكردنی وزە بە مەشقی وەرزشی، لەش ناچار دەبێت كە بۆ دابینكردنی وزە چەورییە نیشتووەكەی ژێر پێست یان وزەی یەدەك بسووتێنێت یان بیگۆڕێت بۆ شەكر و وەكو وزە بەكاربێنێت، بەمەشەوە كێشی لەش دادەبەزێت. تا ئەم ساتە، هیچ خۆراكێك نییە كە ئەم كارلێكە كیمیاییانە لە لەشدا دروست بكات یان تەنانەت هانیان بدات، بەڵام كە خۆراكێك دەكەوێتە ناو لیستی خۆراكەكانی ریجیم ئەوا تەنیا و تەنیا بەهۆی ئەمەوەیە كە وزەیەكی كەم و رێژەیەكی بەرز لە ڤیتامین و كانزا و ماددەی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەبەر ئەم هۆیە دەگووترێت كە فڵان خۆراك بۆ كۆنترۆڵكرنی كێشی زیادی لەش سوودبەخشە.
Top