نیسك Lentils یەكێكە لەو 150 خۆراكانەی كە بە تەندروستیترین یان سوپەرخۆراك ناسراون لە سەرتاسەری جیهاندا. نیسك یەكێكە لە خۆراكە گونجاوەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش. لەو كاتەی كە نیوەی بەرنامەی دابەزاندنی كێشی لەش بە رێگای كەمكردنەوەی وزە لە خۆراكەوە دێتە ئەنجام، بەوەی كە خۆراكی كەم كالۆری زیاتر لە خۆراكی كالۆری بەرز بخۆیت. كوپێك نیسك تەنیا 230 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ 18 گرام پرۆتین كە پێویستە بۆ هێشتنەوەی بارستایی ماسوولكە لەكاتی پەیڕەوكردنی ریجیمدا. نیسك نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین كە هانی خەزنكردنی چەوری لە لەشدا دەدات، هەروەها نابێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن. هەر كوپێك نیسك 18 گرام ریشاڵ لەخۆدەگرێت، ئەم رێژە بەرزەی ریشاڵ رۆڵی هەیە بۆ هەرسكردنی خۆراك بە هێواشی، ئەمەش گرنگە بۆ جێگیركردنی ئاستی شەكری خوێن. هەروەها ریشاڵ زوو هەستی تێربوون پەیدا دەكات، بەمەشەوە بڕی كەمتر خۆراك دەخۆیت و كالۆری كەمتر لە خۆراكەوە وەردەگریت هاوكات لەگەڵ دابینكردنی ماددەی گرنگ لە پرۆتین و ڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان، ئەمەش پرینسپلی سەرەكی ریجیمی خۆراكییە.