چەند راستی و ژمارەیەك سەبارەت بە سووڕی مانگانە

چەند راستی و ژمارەیەك سەبارەت بە سووڕی مانگانە
سووڕ یان( عادە)ی مانگانە Menstruation بە تێكڕایی هەر 28 رۆژ جارێك روودەدات، بەڵام هەر 21- 35 رۆژ جارێك بە ئاسایی هەژمار دەكرێت. رۆژی یەكەمی بینینی خوێن بە رۆژی یەكەمی سووڕ هەژمار دەكرێت. بەگشتی، سووڕ بۆ یەكەم جار Menarche لە تەمەنی 13 ساڵیدا دەستپێدەكات و بە تێكڕایی لە تەمەنی 51 ساڵیدا بە یەكجاری دەوەستێت Menopause. تەنیا بە بینینی خوێن پێت وایە كە بڕێكی زۆری خوێن لەگەڵ سووڕی مانگانەدا ون دەكەیت، لە راستیدا تێكڕای قەبارەی خوێن لەگەڵ سووڕی مانگانەی ئاساییدا لە نێوان 10– 85 میللیلیتر دایە. رەنگی خوێنی سووڕ لە نێوان قاوەیی تۆخ و سوورێكی گەشدایە، ئەمەش پەیوەستە بە كاریگەریی ئۆكسجین لەسەر خوێندا. مەلە، خۆشووشتن و گەرماو لە رۆژەكانی سووڕدا هیچ مەترسییەكی بۆ تەندروستی نییە بە مەرجێك سانتی تایبەت بەكاربهێنرێت. ئەو ئافرەتانەی كە حەبی مەنع بەكاردێنن، هەندێك جار بە شێوەیەكی پچڕ پچڕ خوێن دەبینن، ئەمە هەرگیز بە سووڕی مانگانە هەژمار ناكرێت، هەندێك جاریش لە كاتی دیاریكراوی سووڕدا هیچ خوێن نابینن. ئەگەرچی شێوازی سووڕ بنەمایەكی زگماكی هەیە، بەڵام لەوانەشە كە سووڕی كچێك لە شێوازی سووڕی دایكی زۆر جیاواز بێت.
Top