كەمیی ڤیتامین یەكێكە لە هۆكارە باوەكانی تەنكبوونی قژ بەتایبەتی لە ئافرەتدا. ئەگەر بە شێوەیەكی خێرا و چاوەڕواننەكراو دوچاری تەنكبوونی قژ بوویت، ئەوا یەكەم هۆكار كە بیری لێبكەیتەوە كەمیی هەندێك جۆری ڤیتامینە لە خۆراكتدا. ڤیتامین C ماددەیەكی دژەئۆكسانە و لەش رزگاردەكات لە كاریگەرییە خراپەكانی ژینگە كە خانەكانی لەش تێكدەدەن بە خانەكانی رەگی قژیشەوە، هەروەها یارمەتی دروستبوونی پرۆتینی كۆلاجین دەدات كە لە پێست و قژ و چەند شوێنێكی تری لەشدایە، كەمی ڤیتامین C دەبێتە ئەگەری وشكبوون و قڵیشان و تەنكبوونی قژ. ڤیتامین E سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە، گرنگە بۆ گەشەیەكی تەندروستییانەی قژ و سستمی بەرگریی لەش بەهێز دەكات، كەمی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی تەنكبوونی قژ و بێهێزیی ماسوولكەكان و چەند گرفتێك لە بینیندا. ڤیتامین H یان بایۆتین Biotin یەكێكە لە كۆمەڵەی ڤیتامین B و رۆڵی هەیە لە هەڵمژینی ماددە خۆراكییە گرنگەكان لە هەموو بەشەكانی لەشدا، ئەم ڤیتامینە بۆ تەندروستی قژ و پێست گرنگە، بۆیە لە پێكهاتەی چەندین ئاوێتەی پاراستنی پێست و قژدا هەیە، یەكەم نیشانەی كەمی ئەم ڤیتامینە بریتییە لە قژهەڵوەرین و وشكبوونی پێست لەگەڵ كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن.