كەی ستیان بۆ كچە هەرزەكارەكەت دەكڕیت؟

كەی ستیان بۆ كچە  هەرزەكارەكەت دەكڕیت؟
كڕینی یەكەم ستیان Bra و بەكارهێنانی بۆ یەكەم جار بۆ كچی هەرزەكار مەسەلەیەكی گرنگە. هەندێك دایك نیگەران دەبن لەوەی كە ستیان بۆ كچە بچووكەكەیان بكڕن بەتایبەتی ئەگەر تەمەنی لە ژێر 10 ساڵ بێت. بەهەرحاڵ، هەڵبژاردنی قەبارە و دیزانی گونجاوی ستیان پێویستە بۆ پاراستنی مەمك لە ئازار و ناڕەحەتییەكانی پەیوەست بە گەشە و گەورەبوون. تێكڕای تەمەن بۆ بەكارهێنانی ستیان 11 ساڵە، بەڵام هەندێك كچ لە تەمەنی 9 ساڵیدا بەكاریدێنن و هەندێك كچی تر تا تەمەنی 14 ساڵی پێویستییان بە ستیان نابێت، ئەمەش زیاتر بەندە بەو راستییە كە تا مەمك زیاتر گەشە بكات و گەورەتر بێت هێندە دوچاری ناڕەحەتی و نیمچە ئازار دەبێت لەكاتی بەركەوتن و جووڵانەوەدا، بۆیە دانانی ستیان پێویست دەكات. ئەم كاتە هەر دێت كە كچەكەت بۆ یەكەم جار ستیان بەكاربێنێت. گەلێك دایك و كچ سەرەتا هەست بە نیگەرانی دەكەن لە بەكارهێنانی ستیان، لێرەدا دەكرێ مەسەلەكە دوابخرێت یان هەتا بەكارنەهێنرێت. گەلێكیان قەبارەی هەڵە و نەگونجاو دەكڕن كە پاش دانانی دەبێتە هۆی ناڕەحەتی، بۆیە هەڵبژاردنی قەبارەی گونجاو زۆر گرنگە. بەر لە كڕینی ستیان پێویستە كە دوو پێوانی چیوەیی سینگی كچەكە وەربگیرێت، یەكێك لە ژێر مەمك Torso size و ئەوی تر لە بەرزترین خاڵی مەمك و بە دەوری سینگدا Cup size، هەروەها پێویستە كە كوالیتی باش و ماددەكەی نەرم بێت، نە تەسك نە فروان بێت. زۆر جاریش ستیانی تایبەت بە وەرزشوانان Sports bra گونجاوە كە بۆ یەكەم جار بەكاردەهێنرێت. لەسەر دایك پێویستە كە یارمەتی كچەكەی بدات بۆ دانانی ستیانەكەی و دڵنیای بكاتەوە لەوەی كە زوو رادێت لەسەر بەكارهێنانی، هەروەها لەوە ئاگاداری بكاتەوە كە هەرگیز پێویست ناكات لەكاتی نووستندا ستیان بەكاربێنێت.
Top