هەستكردن بە ماندووبوون یان بێهێزیی لەش پاش ژەمێكی سەرەكیی خواردن زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ جۆری خۆراك و چۆنییەتی خواردن. ژەمێك كە هەر 3 ماددە خۆراكییە بنەڕەتییەكان لە پرۆتین و كاربۆهیدرات و چەوری لەخۆنەگرێت، درێژیی ماوەی نێوان 2 ژەمی خواردن، خواردنی بڕی كەمیی خۆراك لە ژەمە سەرەكییەكاندا، زیاد خواردنی شەكر و شیرینی هۆكاری زەقن بۆ هەستكردن بە بێیهێزیی پاش ژەمی خواردن. گۆڕینێكی بچووك لە لایەنی خۆراك و نەریتەكانی پەیوەست بە خواردن كاریگەریی گەورە پەیدا دەكات. خۆراكی هاوسەنگ Balanced foods لە ژەمە سەرەكییەكاندا گرنگیی زۆری هەیە، ئەگەر 2 كاتژمێر پاش ژەمێكی سەرەكی هەستت بە داهزرانی لەش كرد ئەوا ئەگەری زۆر هەیە كە هۆكارەكە بگەڕێتەوە بۆ ناهاوسەنگی یان كەمیی بڕی خۆراكت بەگشتی یان خۆراكێكی دیاریكراو. رێكخستنی كاتی ژەمەكانیش گرنگیی هەیە بۆ رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن بۆ رێگرتن لە دابەزینی ئاستی وزەی لەش و هەستكردن بە بێهێزیی گشتی. با كاتی نێوان 2 ژەمی سەرەكی لە 5 كاتژمێر زیاتر نەبێت هەتا ئەگەر ژەمەكانت هاوسەنگ و تەواویش بن و هەر سێ گروپە سەرەكییەكەی خۆراك لەخۆبگرن. خواردنی چەند ژەمێكی بچووك پتر لە 3 جار لە رۆژێكدا سوودی هەیە بۆ رێگرتن لە هەستكردن بە بێهێزی و كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش.