جۆری خۆراك و خۆراكی هاوسەنگ مەسەلەیەكی زۆر هەستیارە لە تەمەنی منداڵیدا بە مەبەستی گەشەیەكی دروستی جەستە و هزر. بە پێچەوانەشەوە، خۆراكی ناڕێك و ناتەندروستییانە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەند گرفتێك لە هەڵسوكەوتی منداڵدا بە شێوەی زێدە بزۆكی Hyperactive disorder، ناڕەحەتی دەروونی Irritability، رەوشتی توندوتیژ Agression. خۆراكی دەوڵەمەند بە شەكر، خۆراكی دەوڵەمەند بە چەورییە نێوەندەكان، خۆراكی خێرا، خۆراكی پڕۆسێسكراو بە رەنگ و چێژ و بۆن و ماددەی كیمیایی ترەوە پەیوەندییان بەم حاڵەتە دەروونییانەوە هەیە. زیاد خواردنی شەكر بۆ ماوەیەكی زۆر، هەروەها خۆراكی خێرا دەبێتە ئەگەری زێدە بزۆكی بێ وریابوون ADHD كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ روودانی گۆڕانی كیمیایی لەناو شانەكانی مێشكدا، هەروەها رەنگ و بۆن و چێژە دەستكردەكان كە دەخرێنە ناو خۆراكەوە ئەگەری تووشبوون بە زێدە بزۆكی زیاد دەكەن. هەوڵ بدە كە لە خۆراكی منداڵەكەتدا بڕی شەكر و چەورییە نێوەندەكان كەم كەیتەوە، هەروەها رەنگ و ماددە دەستكردەكانی تر كە لە خۆراكی پرۆسێسكراودان، با نیوەی خۆراكی منداڵەكەت لە سەوزە و میوە بێت، شیرەی میوە لەجیاتی سۆدا و كۆلا لەگەڵ ئەلبان، دانەوێڵە، هێلكە، گۆشت خۆراكی تەندروستییانە و پێویستن.