مەترسیی ماددەی بیسفینۆل لەناو خۆراكی قوتووبەنددا

مەترسیی ماددەی بیسفینۆل لەناو خۆراكی قوتووبەنددا
زۆربەی خۆراك و شیر و خواردنەوە قوتووبەندەكان ماددەی كیمیاییان تێدەكرێت بە مەبەستی رێگرتن لە گەشەی هەر میكرۆبێك، هەروەها بە مەبەستی هێشتنەوەی چێژ و رەنگ و بۆن. ئەم ماددە زیادە خۆراكییانە Food additives لەمێژە كە لە پیشەسازیی خۆراكدا بەكاردەهێنرێن، گەلێك لەم ماددە كیمیاییانە زیان بە تەندروستی دەگەیەنن، بۆیە بەكارهێنانی گەلێكیان لە پیشەسازیی خۆراكدا لە گەلێك وڵاتدا قەدەغە كراوە. قوتووی پلاستیك ماددەی بیسفینۆل لەخۆدەگرن، هەروەها ئەو چینەی كە ناوپۆشی قوتووە كانزاییەكانی پێ داپۆشراوە لە پلاستیك دروستكراوە كە ئەم ماددەیە لەخۆدەگرێت. بیسفینۆلA Bisphenol یان BPA كە لە هەندێك پلاستیك و ناوپۆشی قوتووەكانی خۆراكدا بەكاردێت چەندین كێشەی تەندروستی پەیدا دەكات. بیسفینۆل هاوسەنگی هۆرمۆنەكانی لەش تێكدەدات بەمەش كاریگەری دەكاتە سەر لایەنی زاوزێ، لەوانەشە كە ببێتە ئەگەری تووشبوون بە هەندێك جۆری شێرپەنجە. بەرزترین ئاستی سەلامەتی بیسفینۆل لە رۆژێكدا بریتییە لە 50 مایكرۆگرام بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش، بەڵام وا باشترە كە بڕی رۆژانەی بیسفینۆل هەرگیز زیاتر نەبێت لە 0.0024 مایكرۆگرام بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش. بەگشتی زیاد بەكارهێنانی خۆراك و خواردنەوە قوتووبەندەكان لە لایەنی تەندروستییەوە پەسەند ناكرێت.
Top