مەحاڵە قەڵەوی بەبێ گرفت بەسەربچێت!

مەحاڵە قەڵەوی بەبێ گرفت بەسەربچێت!
ئێستا قەڵەوی Obesity بە نەخۆشیی سەردەم ناوزەد دەكرێت، رێژەی تووشبووان لە سەرتاسەری جیهاندا لە زیادبووندایە. ئەمە راستییەكی زانستی چەسپاوە كە زیادبوونی كێشی لەش یان قەڵەوی هەرگیز بەدەر نییە لە ئاڵۆزییەكان، ئەمڕۆ یان سبەی گەلێك كێشە بۆ تەندروستی پەیدا دەكات. كێشە سادە یان بچووكەكانی پەیوەست بە قەڵەوی بریتین لە: زیاد ئارەقەكردن و بۆنی ناخۆشی لەش، پشت ئێشە، هەناسەتەنگی لەكاتی جووڵەدا، پرخە، زوو ماندووبوون، كاردانەوە دەروونییە نێگەتیڤەكانی پەیوەست بە جوانیی لەش بەتایبەت لە ئافرەتدا. گرفتە تەندروستییە گەورەكانی پەیوەست بە قەڵەوی ئەمانەن: بەردی زراو، نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ CHD، جەڵتە، نەخۆشیی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، سەوەفانی جومگە بەتایبەتی لە جومگەكانی ئەژنۆدا، هەندێك جۆری شێرپەنجە. تووشبوون بەم نەخۆشییە درێژخایەنانە چاكبوونەوەی بۆ نییە و هەر یەكەیان ئەگەر بە باشی كۆنترۆڵ نەكرێت ئەوا چەندین ئاڵۆزی تەندروستیی گەورە پەیدا دەكات كە زۆر جار ژیان بە توندی دەخەنە مەترسیی مردنەوە. هەرچەند ژمارەی كیلۆ زیادەكانی كێشی لەش زیاتر بێت هێندە زووتر و زیاتر ئاڵۆزییەكان روودەدەن. تووشبوو ئەگەر زوو كێشی لەش كۆنترۆڵ نەكات ئەوا بێگومان دەبێ چاوەڕێی ئاڵۆزییە تەندروستییەكانی پەیوەست بە كێشی زیاد و قەڵەوی بكات.
Top