حەبی رێگرتن لە دووگیانبوون یان حەبی مەنع Birth control pills لە 2 هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن پێكهاتووە، رێگایەكی زۆر كاریگەرە بۆ مەنع، هەروەها سوودی دیكەشی هەیە وەكو: كەمكردنەوەی ئەگەری شێرپەنجەی هێلكەدان و منداڵدان، سووككردنی ئازارەكانی پەیوەست بە عادە، رێگرتن لە پووكانەوەی ئێسك. نزیكەی هەموو ئافرەتێكی گەنج دەتوانێت كە وەكو هەڵبژاردەی یەكەم بۆ رێگرتن لە دووگیانی حەبی مەنع بۆ چەند ساڵێك بەردەوام بەكاربێنێت. لە هەندێك حاڵەت و نەخۆشیدا، نابێت كە حەبی مەنع بەكاربهێنرێت و پێویستە كە ئافرەت بە رێنمایی دكتۆر رێگایەكی تر بۆ رێگرتن لە دووگیانی هەڵبژێرێت، ئەم حاڵەت و نەخۆشییانە بریتین لە: بوونی مێژووی تووشبوون بە مەیینی خوێن، شەقەسەر Migraine كە نۆرەی سەرئێشە هاوكات بێت لەگەڵ نیشانەی تری وەكو گرفت لە بینین و قسەكردندا، هەندێك جۆری نەخۆشیی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە بە تەواوی كۆنترۆڵ نەكرابێت، نەشتەرگەری یان هەر حاڵەتێكی دیكە كە رێگر بێت لەبەردەم جووڵەی ئافرەت، هەروەها پاش تەمەنی 35 ساڵی بەتایبەتی ئافرەتی جگەرەكێش یان قەڵەو.