ساونا نابێتە هۆی دابەزینی كێش

ساونا نابێتە هۆی دابەزینی كێش
زیاد ئارەقەكردن كە لەوانەیە بگاتە 2 لیتر، كەواتە پاش ئەم ئارەقەكردنە 2 كیلۆگرام كێش لەش كەم دەكات لەوكاتەی كە كێشی هەر لیترێك شلە 1 كیلۆگرامە، بەڵام كێشی شلە، بە مانایەكی تر لەش 2 لیتر ئاو ون دەكات نەك 2 كیلۆگرام چەوری یان بەزی ژێر پێست. لەش تەنیا بۆ ماوەیەكی كەم بەرگەی ئەم كەمبوونەوەی شلە دەگرێت و پاشان هەستی تێنووبوون پەیدا دەبێت و پێویست دەكات كە ئەو كەسە شلە بخواتەوە بۆ قەرەبووكردنەوە، چونكە پێویستە كە رێژەی شلە لە لەشدا بەرزبێتەوە بۆ رێژەی ئاسایی ئەگینا لەش دوچاری وشكبوونەوە دەبێت كە ئەم نیشانانەی هەیە: زیاد تێنووبوون، وشكبوونی دەم، ئاوسانی زمان، وشكبوونی چاو، بێهێزیی گشتی، سەرسووڕان، دڵەكوتێ، كەمبوونەوەی ئارەقەكردن، كەمبوونەوەی میز و تاریكبوونی رەنگی میز. كەواتە ساونا Sauna هەرگیز هەنگاوێكی كاریگەر نییە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، چونكە تەنیا كرداری ئارەقەكردن زیاد دەكات، بەڵام چەند سوودێكی هەیە وەكو: هاندانی ئارەقەكردن و پاكبوونەوەی پێست، هاندانی دروستبوونی خڕۆكە سپییەكانی خوێن و بەهێزكردنی سستمی بەرگریی لەش، هاندانی سووڕی خوێن و هەناسە، سووككردنی ماندووبوون و گرژیی دەمارەكان و شەكەتیی دەروونی، خاوبوونەوە و سووككردنی ئازاری گرژبوونی ماسوولكەكان.
Top