ئەگەرچی باوی Almonds بەهایەكی خۆراكیی بەرز و گەلێك سوودی تەندروستی هەیە، بەڵام زیاد خواردنی چەندین گرفتی تەندروستی پەیدا دەكات بەتایبەتی زیادبوونی كێش. باوی دەوڵەمەندە بە وزە، بۆ نموونە هەر 100 گرام باوی نزیكەی 543 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت لەگەڵ 46.5 گرام چەوری. كەواتە رۆژانە خواردنی 100 گرام باوی دەبێتە هۆی زیادبووكی نیو كیلۆگرام كێشی لەش لە ماوەی هەفتەیەكدا. باوی رێژەیەكی بەرز لە كانزای مەنگەنیز لەخۆدەگرێت، ئەمەش لەگەڵ بەكارهێنانی هەندێك دەرمان كارلێك دەكات. هەر 100 گرام باوی نزیكەی 24.6 ملگم ڤیتامین E لەخۆدەگرێت كە دەكاتە 2 هێندەی بڕی پێویستی رۆژانە بۆ كەسێكی پێگەیشتوو، بڕی زیادی ڤیتامین E لە لەشدا دەبێتە هۆی هەستكردن بە بێهێزی لەش، سەرئێشە، سكچوون، كۆبوونەوەی گاز لە كۆئەندامی هەرسدا، لێڵبوونی بینین. باوی دەوڵەمەندە بە ریشاڵ كە رێژەكەی دەگاتە 11.6 گرام لە 100 گرامدا، خواردنی بڕی زۆری باوی لەگەڵ خۆراكی تر كە رێژەی بەرزی ریشاڵ لەخۆدەگرن وەكو سەوزە و میوە و پاقلەمەنییەكان دەبێتە هۆی قەبزی و كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵەدا. وا باشە كە رۆژانە لە 30 گرام زیاتر باوی نەخۆیت.