پڕخە Snoring واتە لەرینەوەی شانە نەرمەكانی ناو دەم و قوڕگ لەكاتی نووستندا، بۆ كەمكردنەوەی پڕخە پەیڕەوی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بكە: پۆزیشنی نووستنت بگۆڕە، نووستن لەسەر پشت وادەكات كە بنكەی زمان و مەڵاشووی نەرم بخزێنە سەر دیواری پشتەوەی قوڕگ و ببێتە هۆی پڕخە، نووستن لەسەر تەنیشت لەوانەیە كە پڕخە نەهێڵێت. دابەزاندنی كێشی لەش بۆ گەلێك حاڵەت سوودبەخشە بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە لەگەڵ زیادبوونی كێشی لەشیان دوچاری پڕخە دەبن. دووركەوتنەوە لە خواردنەوەی ئەلكهول و بەكارهێنانی دەرمانی ئارامبەخش Sedatives كە دەبنە هۆی زیاد خاوبوونەوەی ماسوولكەكان. تێر نووستن بەتایبەتی پاش ماندووبوونێكی جەستەیی زۆر. پاك راگرتنی رێڕەوەكانی لووت، هەروەها دوشێكی گەرم پێش نووستن یارمەتیدەرە بۆ كردنەوەی رێڕەوەكانی لووت. پاككردنەوەی سەرین بە هەوا، گۆڕینی سەرین هەر 6 مانگ جارێك هەنگاوێكی ترە بۆ كەمكردنەوەی پڕخە، ماددەی ناو سەرین گەلێك جار هۆكارە بۆ هەستەوەری لە كۆئەندامی هەناسە و پڕخە. بڕێكی تەواوی شلە بخۆرەوە، لەوكاتەی كە دەردراوەكان لە ناو لووت و مەڵاشووی نەرم بە بێ خواردنەوەی بڕێكی باشی شلە زیاتر لینج و چڕ دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پڕخە.