شیرینكارە دەستكردەكان Artificial sweeteners لەجیاتی شەكر بە بەمەبەستی شیرینكردنی چێژ دەخرێنە گەلێك خۆراكەوە. ئەگەرچی ئەمە بە تەواوی نەچەسپاوە، بەڵام گەلێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە لەوانەیە شیرینكارە دەستكردەكان ببنە ئەگەری زیادبوونی ئارەزووی خواردن بەتایبەتی حەزی شیرینی و بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن. پەیوەندیی نێوان زیادخواردنەوەی سۆدای دایێت و زیادبوونی كێشی لەش نموونەیەكی زیندووە. لە لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە ئەو خۆراكانەی شیرینكارە دەستكردەكان لەخۆدەگرن لەوانەیە هاوكار بن بۆ دابەزاندنی كێشی لەش بەوەی كە رۆڵیان هەیە بۆ سنوورداركردنی بڕی وزەی رۆژانە، بێگومان لەگەڵ پەیڕەوكردنی ریجیمێكی دروست. سوكرالۆز Sucralose كە یەكێكە لە شیرینكارە دەستكردەكان، لەوانەیە كە رۆڵی هەبێت لە هاندانی هەڵمژینی شەكری گلوكۆز لە كۆئەندامی هەرسدا و ئاستی شەكری خوێن بەرز بكاتەوە، ئەمەش هانی دەردانی هۆرمۆنی تێربوون دەدات بۆ خێرا هەستكردن بە تێربوون. لە راستیدا، وەڵامی دروستمان لەبەردەستدا نییە كە چۆن شیرنكارە دەستكردەكان لەوانەیە یارمەتیی كۆنترۆلكردنی كێشی لەش بدەن. ئەو خۆراكانەی كە شیرینكارە دەستكردەكانیان تێدەكرێت، لەوانەیە كە بۆ هەندێك كەس هاریكاربن و بۆ هەندێك كەسی تر كەمتر یان هیچ هاریكار نەبن بە مەبەستی دابەزاندنی كێشی لەش.