ئەو كەسانەی كە جارێك یان زێتر دوچاری جەڵتەی مێشكStroke بوونەتەوە، ئەگەری تووشبوونیان بۆ جارێكی تر لە كەسانی ئاسایی زیاترە. بۆ خۆپاراستن لە دووبارەبوونەوەی جەڵتە لە كەسانی تووشبوودا، پێویستە كە هەنگاوەكان پاش دەستنیشانكردنی هۆكارەكان و پەیڕەو بكرێن، بۆ نموونە لەرەی گوێچكەڵەی دڵ كە بریتییە لە ناڕێكبوونی ریتمی لێدانەكانی دڵ و ئەگەری دروستبوونی تۆپەڵی خوێنی مەییو لەناو خوێنبەرەكاندا زیاد دەكات، یان تەسكبوونەوەی یەكێك لە دوو خوێنبەرەكەی مل كە بۆ مێشك دەچن. هەروەها خۆپاراستن لە هۆكارەكانی دیكەی وەكو بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی شەكرە، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل لە خوێندا، لەگەڵ گۆڕینی ستایلی ژیان ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشك كەم دەكاتەوە. بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە گەورەترین فاكتەری ریسك بۆ تووشبوون بە جەڵتە هەژمار دەكرێت. پەستانی بەرزی خوێن فشارێكی بەردەوام دەخاتە سەر دیواری خوێنبەرەكان، ئەمەش بە تێپەڕبوونی كات دیوارەكان لاواز دەكات و رووبەڕووی گیران یان تەقین دەبنەوە كە دەبێتە هۆی جەڵتە. بەكارهێنانی دەرمانی دژە مەیین Anticoagulants و دژی خەپلەكانی خوێن Antiplatelets وەكو ئەسپرین، ئەگەری دووبارەبوونەوەی جەڵتە كەم دەكەنەوە.