كە ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێت نزمتر لە ئاستی ئاسایی Hypoglycaemia، كاریگەری دەكاتە سەر فرمانەكانی مێشك كە زیاتر بە شێوەی تێكچوونێكی خێرای كاردانەوەكانی مێشك بەرانبەر بە بزوێنەرەكان خۆی دەنوێنێت. دابەزینی ئاستی شەكری خوێن زیاتر لە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرەدا بەدی دەكرێت. نیشانەكانی دابەزینی ئاستی شەكری خوێن بریتین لە: بێهێزیی گشتی، بوورانەوە، هەستكردن بە برسیبوون، دڵەكوتێ، لەرزینی ماسوولكە Tremors، شێوان و گۆڕان لە رەفتاردا، ئارەقەكردن و ساردبوونی پێست. ئامانجی چارەسەركردن بریتییە لە بەرزكردنەوەی ئاستی شەكر بە زووترین كات. تووشبوو دابنیشێت یان پاڵكەوێت، شەكراو یان هەر خواردنەوەیەكی شیرینكراوی پێبدرێت، پاشان كە باشتر بوو واباشترە كە دیسان خواردن و خواردنەوەی پێ بدرێت. پاشان هەتا ئەگەر هەستی بە باشبوونیش كرد پێویستە كە سەردانی دكتۆر بكات. ئەگەر تووشبوو بێهۆش بوو نابێت كە بە هیچ شێوەیەك خواردن یان خواردنەوەی پێبدرێت ،چونكە توانای قووتدانی نییە و مەترسیی خنكان دێتە پێشەوە ئەگەر خواردن یان خواردنەوە بچێتە ناو بۆڕی هەناسە، لێرەدا ئەنجامدانی بووژاندنەوەی دڵ و هەناسە CPR واتە هەناسەی دەستكرد و مەساجی سینگ گرنگی زۆری هەیە تا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە.