پێكهاتە سەرەكییەكانی نان بریتین لە كاربۆهیدرات، ریشاڵ، كانزایەكان، ڤیتامینەكان، بەتایبەتی ئاسن و ڤیتامین B9. كەم و زیاد خواردنی نان و جۆری نان رۆڵی هەیە لە كۆنترۆڵكردنی كێشی لەشدا، بۆ نموونە زیاد خواردنی نانی سپی دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش بەتایبەتی كە بە بڕی زیاد دەخورێت و درەنگ هەستی تێربوون پەیدا دەكات، بە پێچەوانەی نانی گەنمی تەواو كە كەمتر دەخورێت و زووتر هەستی تێربوون پەیدا دەكات، بۆیە بەشێكی گرنگە لە بەرنامەی دابەزاندنی كێشی لەش بە مەرجێك بە بڕی كەم بخورێت. نان بە گەنمی تەواو زیاتر تەندروستییانەیە، چونكە رێژەیەكی بەزرتر لە ڤیتامین و كانزا و ریشاڵ لەخۆدەگرێت بە بەراورد لەگەڵ نانێك كە لە گەنمی سپیكراو ئامادە كرابێت. لە لایەكی ترەوە نانی سپی پەیوەندیی هەیە بە تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، چونكە كاربۆهیدراتی سافكراو كە دانەوێڵە سپیكراوەكان و شەكرەكان دەگرێتەوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەكی خێرای ئاستی شەكری خوێن كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكات، كەچی كاربۆهیدراتە ئاڵۆزەكان وەكو دانەوێڵەی تەواو و سەوزە و پاقلەمەنییەكان لەسەرخۆ هەرس دەكرێن و نابنە ئەگەری بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی شەكری خوێن. دەكرێ بە بێ نان خۆراكت تەندروستییانە بێت لەوكاتەی كە نان جێگرەوەی هەیە، بۆ نموونە پاقلەمەنییەكان، سەوزە و میوە، برنجی قاوەیی و دانەوێڵە تەواوەكانی تر.