ئەگەرچی مەشقی وەرزشی نابێتە هۆی زیادبوونی چڕیی ئێسك، بەڵام تۆنی ماسوولكە و باڵانسی لەش باشتر دەكات، ئەمەش ئەگەری كەوتن كەم دەكاتەوە، لەوكاتەی كە زەبرێكی سادە دەبێتە هۆی شكانی ئێسكی پوكاوە. بە تێكڕایی، بینای ئێسك بەر لە تەمەنی 20 ساڵیدا بە تەواوی جێگیر دەبێت و لەپاش ئەم تەمەنەدا چیتر چڕیی ئێسك زیاد ناكات. لە ئافرەتدا، جگەرەكێشان ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە لەشدا دادەبەزێنێت كە ئەمەش هانی لاوازبوونی ئێسك Osteoporosis دەدات، هەروەها دەبێتە هۆی وەستانی یەكجارەكیی عادە لە تەمەنێكی زووتردا. وەرگرتنی بڕی تەواوی كالسیۆم رۆژانە كە بریتییە لە 1،000ملگم بۆ پێگەیشتووان بەتایبەتی لە ئافرەتدا، چونكە لەش رۆژانە پێویستی بە كالسیۆم دەبێت كە ئەگەر لە خۆراكەوە دابین نەكرێت ئەوا لەش ناچار دەبێت كە كالسیۆم لە ئێسكەوە وەربگرێت، هەروەها لەكاتی دووگیانی و شیرداندا بوونی كالسیۆم لە خۆاكدا یەكجار گرنگە. هەروەها بڕی تەواوی ڤیتامین D زۆر گرنگە بۆ هەڵمژینی كالسیۆم لە ریخۆڵەدا. پێست بە خۆدانە بەر تیشكی خۆر توانای دروستكردنی ئەم ڤیتامینەی هەیە. لەپاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكیی سووڕی مانگانەی ئافرەت، چارەسەری هۆرمۆنی جێگرەوە HRT لەژێر چاودێریی دكتۆردا رۆڵی هەیە بۆ رێگرتن لە پوكانەوەی ئێسك.