جەڵتەی مێشك Sroke حاڵەتێكی باوە، واتە وەستانی گەیشتنی خوێن بە بەشێكی مێشك لەبەر تۆپەڵی خوێنی مەییو كە ناتوێتەوە و دەبێتە هۆی گیرانی خوێنبەر. هەندێك كەس تووشی جەڵتە دەبن بێ ئەوەی كە دركی پێبكەن، بەمەش دەووترێت جەڵتەی هێمن یان بێدەنگ Silent stoke كە دەبێتە هۆی تێكدانێكی هەمیشەیی لە بەشێكی مێشكدا. ئەگەر یەكێك بۆ زیاتر لە یەك جار دوچاری جەڵتەی هێمن بێتەوە، ئەوا لەوانەیە كە تووشی گرفت لە یاد و بیركردنەوە بێت یان دوچاری جەڵتەی سەختتر بێتەوە. جەڵتەی هێمن بە پشكنینی كلینیكی و وێنەگرتنی مێشك دەستنیشان دەكرێت. ئەو هۆكارانەی كە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی بێدەنگ زیاد دەكەن بریتین لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، ناڕێكیی لێدانەكانی دڵ. بۆ خۆپاراستن لە جەڵتە پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: چاودێری و كۆنترۆڵی پەستانی خوێنت بكە، چاودێری و كۆنترۆڵی ئاستی كۆلیستیرۆل بكە، ئاستی شەكری خوێنت لە ژێر كۆنترۆڵدا بهێڵەوە، دووركەوە لە جگەرەكێشان، كێشی لەشت كۆنترۆڵ بكە، مەشقی وەرزشی بكەرە بەرنامەی رۆژانەت، با خۆراكت هاوسەنگ و جۆراجۆر بێت.