خەمۆكیی وەرزی Seasonal depression كە هەموو ساڵێك لە هەمان كاتدا سەرهەڵدەدات، بۆ نموونە خەمۆكیی زستانە یان خەمۆكی هاوینانە. دوو جۆر خەمۆكی وەرزی هەیە، خەمۆكیی زستانە كە جۆرە باوەكەیەتی و لە مانگی پاییزەوە دەستپێدەكات و بە درێژایی مانگەكانی زستان بەردەوام دەبێت، جۆری دووەم كە زۆر باو نییە بریتییە لە خەمۆكیی هاوینە كە لە كۆتایی بەهار یان سەرەتای هاویندا سەرهەڵدەدات و تا سەرەتای وەرزی پاییز بەردەوام دەبێت. لەوانەیە كە هۆكاری خەمۆكیی وەرزی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئاستی ئەو هۆرمۆنانەی كە لە قووڵایی مێشكدا دەردەدرێن لە چەند كاتێكی دیاریكراوی ساڵدا هەڵبەزین و دابەزین بەخۆوە دەبینن، لەوانەشە كە كەمیی رووناكی لە زستاندا ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین Serotonin لە مێشكدا كە رۆڵی لە هێوركردنەوە و هێمن بوونەوەدا. خەمۆكیی وەرزی گەلێك لە نیشانەكانی خەمۆكی ئاسایی لەخۆدەگرێت بە شێوەی: دابەزینی ئاستی وزەی لەش، هەستكرد بە ماندووبوون و شەكەتی جەستەیی، كزبوونی تەركیز، ئارەزوو بۆ بەتەنیابوون، ئارەزوو بۆ زیاد نووستن، زیادبوونی كێشی لەش، بەڵام نیشانەی تری جیاوزیش بەدی دەكرێن، بۆ نموونە لەگەڵ خەمۆكیی هاوینەدا گەلێك جار نیشانەی تر بەدی دەكرێن وەكو: كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، گرفت لە نووستندا، كەمبوونەوەی كێشی لەش.