كۆلا یان سۆدای دایێت Diet soda ئەگەرچی چەوری یان شەكر لەخۆناگرێت، بەڵام هیچ ماددەیەكی خۆراكی سوودبەخشی تێدا نییە. كۆلای دایێت پێكهاتووە لە: ئاوی كاربۆنكراو، كارامێل Caramel، ئەسپارتێم Aspartame، ترشی فۆسفۆریك، سترێتی پۆتاسیۆم، ترشی سیتریك، كافائین، ماددەی چێژبەخش Flavors. رەنگی كارامێل ماددەی 4-MEI لەخۆدەگرێت كە لەوانەیە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان زیاد بكات، ئەمەش بەندە بە بڕی زیادی كارامێلەوە. ئەسپارتێم، ماددەیەكی شیرینكاری دەستكردە، وزەیەكی كەم لەخۆدەگرێت، ئەگەرچی تا ئێستا مەترسییەكی دیاریكراوی بۆ تەندروستی نەبووە، بەڵام لەوانەیە كە ببێتە هۆی زیادبوونی كێش چونكە چێژە شیرینەكەی هانی ئارەزووی خواردن و زیاد خواردن دەدات، بۆیە بەگشتی وا باشە كە زۆر بە كەمی بخورێت. ترشی فۆسفۆریك Phosphoric Acid بە مەبەستی زیادكردنی ترشێتی دەخرێتە ناو كۆلا، چینی مینای ددان دەڕووشێنێت، لەوانەشە ببێتە ئەگەری نەخۆشیی گورچیلە چونكە دەبێتە هۆی گۆڕان لە پێكهاتەكانی میز و ئەگەری دروستبوونی بەردی گورچیلە. ماددە چێژبەخشەكان بە مەبەستی خۆشكردنی چێژ دەخرێنە ناو كۆلاوە، ئەگەرچی زۆربەیان لە خۆراكی سروشتییەوە وەرگیراون، بەڵام لە رووی تەندروستییەوە پەسەند ناكرێن.