هۆكارەكانی زوو برسیبوون دەگەڕێنەوە بۆ: خواردن بە پەلە یان خواردنەوەی بڕی زیادی ئاو لەگەڵ ژەمی سەرەكیدا، بوونی مشەخۆر Parasite لە كۆئەندامی هەرسدا، پەستی یان خەمۆكی، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان. كە شلەی زیاد لەگەڵ ژەمی خۆراك دەخۆیتەوە، زووتر هەست بە تێربوون دەكەیت، گەدە زیاتر لە خۆراك پڕ شلە دەبێت، دەرەنجام پاش ماوەیەكی كەم هەستی برسیبوون دەگەڕێتەوە، واتە دووبارە خواردن كە لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش. پاش خواردنی ژەمێكی سەرەكی، گەدە بە تێكڕایی پاش 4 كاتژمێر بە تەواوی بەتاڵ دەبێتەوە، واتە دەتوانیت كە ژەمێكی تری خۆراك بخۆیت. بەڵام خواردن لە ماوەیەكی كەمتر، بۆ نموونە 2 كاتژمێر پاش ژەمێكی سەرەكی لەوانەیە كە زیانی لە قازانج پتربێت بە شێوەی تێكچوونی كرداری هەرسكردن و بەدهەرسی Maldigestion یان زیادبوونی كێشی لەش. دەكرێ لە نێوان ژەمە سەرەكییەكاندا میوە بخورێت، یان بڕی زیادی ئاو بخورێتەوە. ئەگەر پاش ژەمێكی خۆراكی تەواو بە 2-3 كاتژمێر هەستت بە برسیبوون كرد، هەرگیز پەنا مەبەرە بەر دووبارە خواردن، بەڵكو وا باشترە كە لە مەسەلەكە بكۆڵیتەوە، بۆ نموونە لەوانەیە كە باری دەروونیت جێگیر نەبێت یان تووشی جۆرێك پەستی و شەكەتیی دەروونی بووبیت، لەوانەشە كە بڕێكی زیادی ئاوت خواردبێتەوە لەگەڵ ژەمی خۆراكدا.