بەزالیا Green peas سەرچاوەیەكی زۆر باشە بۆ پرۆتین، ریشاڵ، نیشاستە، هەروەها ترشە چەوری لە جۆری ئۆمیگا 3 كە بایەخێكی بەرزی تەندروستی هەیە. بەها خۆراكییەكەی بەزالیا لەوەدایە كە رێژەیەكی بەرز لە چەندین جۆری ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە ماددە فلاڤانۆلەكانFlavanols، ترشەكانی فینۆلیك Phenolic acids، كارۆتینۆیدەكان Carotenoids بە شێوەی ئەلفا كارۆتین و بیتا كارۆتین، ساپۆنینەكان Saponins، پۆلیفینۆلەكان Polyphenols بەتایبەتی ماددەی كۆمیسترۆل Coumestrol كە گەدە لە شێرپەنجە دەپارێزێت. بەزالیا سەرچاوەیەكی باشە بۆ ڤیتامینەكانی A، C، K، B1، B2، B5، B6، B9 كە زۆر پێویستن بۆ پاراستنی تەندروستی بەگشتی. هەروەها بەزالیا جگە لە ریشاڵ، چەندین كانزای گرنگ لەخۆدەگرێت وەكو زینك، مەگنسیۆم، مەنگەنیز، فۆسفۆر، كۆپەر كە رۆڵی بەرچاویان هەیە بۆ بەهێزكردنی بەرگریی لەش و پاراستنی ئێسكەكان و بینای ماسوولكەكاندا. سوودە تەندروستییەكانی تری بەزالیا بریتین لە: بەهێزكردنی چالاكیی دژەئۆكسان لە لەشدا، كەمكردنەوەی نیشانەكانی هەوكردنی جومگە، رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن، پاراستنی تەندروستیی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، خۆپاراستن لە تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە.