ئەگەرچی سۆپای نەوتی Kerosene heater ماڵ گەرم دەكاتەوە، بەڵام پێویستە كە درك بە مەترسییەكانی بۆ تەندروستی بكرێت. داگیرساندنی سۆپای نەوتی دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی رێژەی گازی ئۆكسجین لەبەر ئەوەی كە پێویستە بۆ سووتان، لە هەمان كاتدا لە ئەنجامی سووتانی نەوت چەندین گازی ژەهراوی بە هەوای شوێنەكەدا بڵاودەبنەوە، بۆ نموونە دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، دووەم ئۆكسیدی سۆلفەر، دووەم ئۆكسیدی نایترۆجین، یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن كە لە هەموویان ژەهراویترە، چونكە بێ رەنگ و بێ بۆنە و كوشندەیە. ئەم گازانە دەبنە هۆی سووتانەوەی چاو، هەوكردنی پێست، كڕانەوەی قوڕگ، چەند گرفتێكی هەناسە وەكو كۆكە، هەناسەتەنگی، پژمین. داگیرساندنی سۆپای نەوتی بۆ ماوەیەكی زۆر بەبێ بوونی هەواگۆڕییەكی باش لە ژووردا، واتە بەركەوتنی درێژخایەن بەم گازانە كە دەبێتە ئەگەری بۆرژان، لەهۆشچوون Coma كە لەوانەیە بە مردن كۆتایی بێت. بۆ خۆپاراستن، لەكاتی بەكارهێنانی سۆپای نەوتیدا، پێویستە كە هەنگاوەكانی سەلامەتی بۆ رێگرتن لە سووتان یان ئاگركەوتنەوە پەیڕەو بكرێن، هەروەها بۆ رێگرتن لە كەمبوونەوەی ئۆكسجین و كۆبوونەوەی گازە ژەهراوییەكان، پێویستە كە هەواگۆڕییەكی باش لە ژووردا هەبێت، بۆ نموونە كردنەوەی پەنجەرە بەلای كەم نیو گرێ لەگەڵ كردنەوەی تەواوی دەرگای ژوور بە رووی هۆڵی ناوەوەدا.