كام خۆراك بۆ ددان زیانبەخشە ؟

كام خۆراك بۆ ددان زیانبەخشە ؟
ئەو خۆراكانەی كە وزەی بەتاڵ لەخۆدەگرن وەكو قەنادی بەتایبەتی ئەوانەی كە چیڕن و بە ددانەكانەوە دەنووسێن هۆكارن بۆ كلۆربوونی ددان. هەروەها شیرینی وەكو كێك و بسكویتەكان لەگەڵ جیبس، خۆراكی ترن كە ددان تێكدەدەن، هۆكارەكەش تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە كە بەها خۆراكییەكەیان نزمە، بەڵكو بۆ بڕ و جۆری شەكر دەگەڕێتەوە كە بە توندی بە ددانەكانەوە دەنووسێت، بەكتریای ناو دەم لەسەر ئەم شەكرانە گەشە دەكات و ماددەیەكی ترش پەیدا دەكات كە ددان كلۆر دەكات. ئەو شلەمەنییانەی كە شەكر لەخۆدەگرن وەكو سۆدا، لیمۆنادا، شیرەی دەستكردنی میوە، قاوە و چای شیرین، زیانبەخشن بۆ ددان. خۆراكی ترشی وەكو تەماتە و میوەی مزر بە هۆی ترشییەوە زیان بە چینی مینای ددان دەگەیەنن، بۆیە واباشە كە لەگەڵ ژەمی خۆراكدا بخورێن نەك بە تەنیا. میوەی وشككراو هەتا كشمیش و مێوژ ئەگەرچی خۆراكی تەندروستییانەن، بەڵام كە بە ددانەكانەوە دەنووسێن ماددەی چینێكی ترش لەسەر ددانەكان Plaque acids جێدەهێڵن كە زیان بە ددان دەگەیەنێت، بۆیە خواردنی میوەی فرێش باشترە. بۆ رێگرتن لە زیانەكانی هەندێك خۆراك بۆ ددانەكان، پێویستە دووركەویتەوە لە خۆراكە نا تەندورستییەكان، هەروەها جگە لە خشتەی شووشتنی ددان بە فڵچە و مەعجونی ددان هەوڵ بدە كە پاش خواردن یان خواردنەوەی هەر شیرینییەك دەم و ددانەكان بە ئاو بشۆیت.
Top