سیر Garlic لەبەر بەها خۆراكییەكەی بە خۆراكێكی پزیشكی ناسراوە، سەرچاوەیەكی زۆر باشە بۆ ڤیتامین C و ڤیتامین B6 لەگەڵ رێژەی جیاواز لە ڤیتامینە گرنگەكانی تر. ڤیتامین C كە گرنگی زۆری هەیە بۆ پاراستنی پەردەی خانە، پێست، شانە بەستەرەكان، ئێسك، پووك و ددان. هەروەها دژەئۆكسانێكی بەهێزە كە یارمەتی كەمكردنەوەی ئاستی ماددە كیمیاییە زیانبەخشەكان دەدات كە بە كۆلكە سەربەستەكان ناسراون و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەكەن. 3 دەنك سیر نزیكەی 5% ی پێویستی رۆژانە لە ڤیتامین C بۆ كەسێكی پێگەیشتوو دابین دەكات. سیر دەوڵەمەندە بە ڤیتامین B6 بۆ نموونە 3 دەنك سیر نزیكەی 6%ی پێویستی رۆژانە لە ڤیتامین B6 بۆ كەسێكی پێگەیشتوو دابین دەكات. ئەم ڤیتامینە رۆڵی هەیە لە دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، چالاكیی هۆرمۆنەكان، یارمەتیدانی فرمانی كۆئەندامی دەمار. ڤیتامینەكانی تری سیر ئەمانەن: ڤیتامین B1 بە رێژەی 1%ی پێویستی رۆژانە، هەروەها ڤیتامین B2، ڤیتامین B5، فۆلێت، ڤیتامین E و K بە رێژەی جیاواز.