زۆربەی منداڵان ناوە ناوە خەونی ناخۆش و ترسناك Nightmares دەبینن بەتایبەتی لە تەمەنی 3- 6 ساڵی و لە كاتژمێری نێوان 4- 6 بەیانیدا لەگەڵ جیاوازییەكی كەم لە منداڵێكەوە بۆ منداڵێكی تر. هەندیك جاریش لە تەمەنی 2 ساڵیدا بینینی كابوس دەست پێدەكات. نزیكەی چارەگێكی منداڵان بەلای كەم هەفتانە جارێك خەونی ناخۆش دەبینن. هۆكاری بینینی خەونی ناخۆش لە منداڵان بە تەواوی نەزانراوە، ئەگەرچی سترێس و ترس و فشارەكانی گەشەكردن و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش(تا) رۆڵیان هەیە، هەروەها پاش نەشتەرگەری یان كارەساتێك منداڵ دوچاری بینینی كابوس دەبێت بۆ ماوەی نزیكەی 6 مانگ. بۆ یارمەتیدانی منداڵكەت پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: لەكاتی نووستندا چاودێریی منداڵەكەت بكە و لەكاتی هەستكردن بە هاوار یان گریانێك زوو بڕۆ لای و بە هێمنی دڵنیای بكەوە تا ئەو كاتەی كە بە تەواوی ئارام دەبێتەوە، لەوانەشە مەسەلەكە بگاتە ئەوەی كە منداڵەكەت لەگەڵ خۆتدا بخەوێنیت تا ئەو كاتەی كە بە تەواوی دەچێتە خەوەوە ئینجا بیبەیتە سەر جێگای خۆی. هەرگیز منداڵ فەرامۆش مەكە و زوو بەدوای داواكەیدا بڕۆ و هەرگیز خۆت توڕە و توند پیشان مەدە، منداڵ دوورخەرەوە لە بینینی شتی ترسناك لە تەلەڤزیۆندا. ئەگەر هەموو ئەم هەنگاوانەی سەرەوە بێ ئەنجام بوون، ئەو كاتە پێویست بە یارمەتی دكتۆر دەكات.