ئەگەر دوچاری بۆرژان بیت لەكاتی كاری رۆژانەتدا، لەوانەیە كە بە خواردنەوەی كوپێك قاوە خەوهاتنەكەت بڕەوێنیتەوە، پاشان خۆت بە كاری دیكە خەریك دەكەیت تا ئەوكاتەی كە بە بۆرژانێكی زۆرەوە شەو دەچیتە سەر جێگا و دەكەویتە خەوێكی قووڵەوە. بە تێكڕایی شەوانە پێویستمان بە 7.5 كاتژمێر نووستن هەیە، ئەگەر تێر نەخەویت ئەوا میتابۆلیزمی Metabolism لەش واتە كرداری گۆڕینی خۆراك بۆ وزە بە باشی كاری خۆی ناكات و كز دەبێت كە دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش، ئەمەش هەرگیز مانای ئەوە نییە كە ئەگەر تێر بخەویت ئەوا كێش ون دەكەیت. لەگەڵ كەم خەویدا گۆڕان روودەدات لە ئاستی هۆرمۆنەكانی گهێرلین Gherlin و لێپتین Leptin، بۆ نموونە ئاستی هۆرمۆنی گهێرلین كە هانی خواردن دەدات لەگەڵ كەم خەوتندا بەرزدەبێتەوە، كەچی ئاستی هۆرمۆنی لێپتین كە هەستی تێربوون پەیدا دەكات لەگەڵ كەم خەوتندا دادەبەزێت، دەرەنجام كێشی لەش زیاد دەبێت لەبەر زیاد خواردن و كزبوونی میتابۆلیزم. لەوانەیە كە بتوانیت بەرگەی كەم خەوی بگریت، بەڵام لەوانەیە كە نەتوانیت بە ئاسانی رێگا لە زیادبووكی كێشی لەشت بگریت بەتایبەتی لەگەڵ پەیڕەونەكردنی مەشقی وەرزشی رۆژانەدا، ئەمەش بەرە بەرە وەكو ئەڵقەیەكی نەپچڕاوی لێدێت.