كەپەك Bran واتە توێكڵی دەرەوەی هەر دانەوێڵەیەك وەكو برنج، گەنم، گەنمەشامی، جۆ، شوفان Oats. دانەوێڵەی تەواو بەوە پێناسە دەكرێت كە ئەم توێكڵەی لانەبرابێت بە هیچ كردارێكی پاككردنەوە و ئامادەكردن. بەلابردنی توێكڵی دانەوێڵەكان، چێژیان خۆشتر دەبێت، هەرسكردنییان ئاسانتر دەبێت، بەڵام رێژەی ماددە خۆراكییە گرنگەكانیان كەم دەبێتەوە. توێكڵی دەرەوەی دانەوێڵەكان ماددەی گرنگ لەخۆدەگرێت وەكو ریشاڵ، پرۆتین، كۆمەڵەی ڤیتامینB، كەچی چینەكانی قووڵ و ناوەوەیان زیاتر شەكر و كاربۆهیدراتی تر لەخۆدەگرن. كەپەك زبر و وشكە و چێژەكەی خۆش نییە لەبەر رێژە بەرزەكەی ریشاڵ كە رۆڵی هەیە بۆ باشتركردنی تەندروستیی ریخۆڵە و خۆپاراستن لە قەبزی، هەروەها خۆپاراستن لە شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. دەكرێ كەپەك بە تەنیا بە رێژەی جیاواز بخرێتە خۆراكەوە، بەڵام تێكەڵكردنی بڕی زۆری كەپەك لەگەڵ خۆراكدا دەبێتە هۆی ئازار و كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵەدا، بۆیە واباشترە كە سەرەتا بە بڕی كەمی كەپەك دەستپێبكرێت، پاشان بەرە بەرە بڕەكەی زیاد بكرێت.