لێكۆڵینەوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان قەڵەوی و نەخۆشی شەكرەدا هەیە. كێشی پتر لە 20%ی كێشی ئاسایی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە زۆر بەرزدەكاتەوە. ئەمەش روونكراوەتەوە كە دابەزاندنی كێش ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێنێت لە نەخۆشانی شەكرەدا. لە كەسانی قەڵەودا، چەوری لەناو ماسولكە و جگەردا كۆدەبێتەوە و شانەكان تێكدەدات، بەمەشەوە توانای وەرگرتنی سیگنالەكانی هۆرمۆنی ئینسولین Insulin لەدەست دەدەن، ئینجا ئاستی شەكری خوێن بەرزدەبێتەوە و دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم Type 2 diabetes. ئەگەرچی نەخۆشیی شەكرە مەیلی خێزانی هەیە، بەڵام زۆربەی نەخۆشانی شەكرە كێشی لەشیان زیادە یان قەڵەون. نەخۆشانی شەكرە كە كێش دادەبەزێنن تا رادەیەك پارێزراو دەبن لە ئاڵۆزییەكانی شەكرە وەكو نەخۆشی خوێنبەرەكان، نۆرەی دڵ، جەلتە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی گورچیلە، هەوكردنی دەمارەكان. كۆنترۆلكردنی كێش لەش و خۆپاراستن لە قەڵەوی هەنگاوێكی ئاكتیڤە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، هەتا لەو كەسانەی كە بە خێزان نەخۆشیی شەكرەیان هەیە.