گەلێك ئافرەتی دووگیان پێیان باشە كە منداڵبوونیان لە ماڵەوە بێت، هۆكارەكەش بۆ چەندین خاڵ دەگەڕێتەوە وەكو: هەستكردن بە ئارامی، هەرزانی نرخی مامانیی Midwifery لە ماڵ، ئازادی لە هەڵسوكەوت لەكات و پاش منداڵبوون، نزیكبوونێكی بەردەوام لە منداڵی تازەبوو و كەسانی نزیك، ئەنجامدانی چەند نەرێتێكی تایبەت راستەوخۆ پاش منداڵبوون. بەگشتی منداڵبوون لە ماڵەوە بەدەر نییە لە مەترسی بۆ تەندروستیی دایك یان كۆرپە یان بۆ هەردووكیان، بۆ نموونە ئەگەری روودانی ئاڵۆزیی چاوەڕوان نەكراو و نەبوونی خزمەت و چاودێرییە تەندروستییەكانی پاش منداڵبوون وەكو خوێنبەربوونی پاش منداڵبوون كە جێگای مەترسییە بۆ دایك، مانەوەی وێڵاش یان پارچەیەكی ویڵاش لەناو منداڵداندا، روودانی گرفتی هەناسە لە منداڵی تازەبوودا. هەر چەند مامان كارامە و شارەزاش بێت، هەندێك حاڵەت پێویست بە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە دەكات و پێویست بە هاوكاری ستافێكی پسپۆری پزیشكی دەكات، لێرەدا كات گرنگی زۆری هەیە.