لیكی دەم لەكاتی نووستندا

لیكی دەم لەكاتی نووستندا
لەكاتی نووستندا، زۆر جار لیك لە دەم دەڕژێت Drooling لەبەر زەحمەتی لە قووتدانی لیك و هێشتنەوەی لەناو دەمدا. شێوەی دەم ئاوایە كە پارێزگاری لە مانەوەی شلە تیایدا دەكات و لەكاتی پێویست شلەی زیاد قووت دەدرێت، بەڵام كە بڕی شلە زیاتر بوو لە توانای دەم بۆ هێشتنەوەی شلە ئەوا شلەی زیاد كە بە رێژەی گونجاو قووت نەدرێت بە لێوارەكانی دەمدا دێتە دەرەوە، بۆ نموونە زیاددەردانی لیك Saliva هۆكارێكە. گلاندەكانی لیك بەردەوام لیك دەردەدەن بۆ تەڕكردنی دەم و قوڕگ، دەردانی لیك لەكاتی خواردن و بە هۆكاری تر زیاد دەبێت. لەكاتی نووستندا، لەوانەیە كە میكانیزمەكانی هێشتنەوەی لیك لەناو دەم و قووتدانی لیك بە باشی كارنەكەن، بۆیە لیك لە گۆشەكانی دەم دەڕژێت. لە منداڵاندا، رژانی لیك لەكاتی نووستندا حاڵەتێكی زۆر باوە لەبەر هێشتا پەرەنەسەندنی كاردانەوەكان. لە پێگەیشتوواندا، رژانی كەمێك لیك لەكاتی نووستندا ئاساییە، بەڵام بڕی زیاد لەوانەیە كە گرفتێكی تەندروستی لەپاڵ بێت، بۆ نموونە نەخۆشی پاركینسۆن، جەلتەی مێشك، ئیفلیجبوونی دەماری دەموچاو(دەماری هەفتەم)، نەخۆشیی ئەلزهایمەر، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، هەروەها لەكاتی دووگیانیدا بڕی لیك زیاد دەبێت.
Top