بەهای خۆراكیی شوكۆلاتە بۆ رێژە بەرزەكەی ماددە دژەئۆكسانەكان دەگەڕێتەوە بە ناوی فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids كە زۆر بەتوندی بەرەنگاری ماددە یان كۆلكە سەربەستەكان Free Radicals دەبنەوە و لەش لەم ماددە زیانبەخشانە پاك دەكەنەوە، ئەو ماددانە زیان بە خانەكان دەگەیەنن كە هەندێك جار ناوكی خانە دەگرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەشبوونێكی كۆنترۆلنەكراوی خانەكان و سەرهەڵدانی شێرپەنجە. شوكولاتە رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن بە رێژەی 80% لە ئۆكسانی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL و نیشتنی لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكانی دڵدا كە دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەیان و كەمبوونەوەی هاتووچۆی خوێن بەناویاندا كە پێی دەووترێت رەقبوونی خوێنبەرەكان، بۆ ئەم مەبەستە واباشە كە رۆژانە نزیكەی 30 گرام شوكولاتەی تاریك هەڵبژێریت كە رێژەی كاكاو تیایدا بەلای كەم 70% یان زیاتر بێت. فلاڤۆنۆیدەكانی شوكولاتە دژی سكچوونیش كاردەكەن، هەروەها لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە خواردنی شوكولاتە دەبێتە ئەگەری باشتركردنی مەزاج. بەڵام پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێت كە شوكولاتە وزەیەكی بەرز لەخۆدەگرێت بۆیە زیاد خواردنی لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش.