كاربۆهیدرات Carbohydrates سەرچاوەی سەرەكیی وزەی رۆژانەمانە و بریتییە لە كاربۆهیدراتی سادە یان شەكرەكان، كاربۆهیدراتی ئاڵۆز یان نیشاستە، ریشاڵ. سەرچاوە سەرەكییەكانی نیشاستە بریتین لە پەتاتە، هەویركاری و مەعكەرۆنە، برنج. بۆ یەكێكی پێگەیشتووی تەندروست، پیاو یان ئافرەت رۆژانە 300 گرام رێنمایی دەكرێت، یان 60%ی كۆی وزەی خۆراكیی وەرگیراو لە كاربۆهیدرات سەرچاوە بگرێت، واتە 1200 كالۆری لە كۆی 2000 كالۆری لە وزەی پێویستی رۆژانە، ئەوی تر بە شێوەی 560 كالۆری لە چەوری و 240 كالۆری لە پرۆتین . ئەم ژمارەیە دەگۆڕێت بە گوێرەی حاڵەتەكانی دووگیانی، شیردانی سروشتی، تەمەن، كێشی لەش، مەشقی وەرزشی یان پەیڕەوكردنی بەرنامەیەكی كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش. ئەم وزەیە زۆر پێویستە بۆ شانەی ماسوولكەكان، مێشك، دەمارە خانەكان، جگەر، لەگەڵ شەكری ناو خوێن بە شێوەی گلوكۆز. بۆ دابەزاندنی كێشی لەش وا باشترە كە وزەی وەرگیراو لە كاربۆهیدراتی رۆژانە بۆ 45- 50% كەم بكرێتەوە.