بەڵەكی یان بەڵەكبوون Vitiligo حاڵەتێكی دەگمەنی پێستە، كەمتر لە 1%ی دانیشتوانی گۆی زەوی تووشی دەبن. بەڵەكی بریتییە لە نەبوونی بۆیەی میلانین Melanin كە بەرپرسە لە رەنگی پێست لە هەندێك شوێنی لەشدا بە شێوەی پەڵەی سپی یان كاڵتر بە بەراورد لەگەڵ رەنگی پێستی دەروبەری. بەڵەكی لەوانەیە كە لە هەر شوێنێكی پێستی لەشدا رووبدات. سەرەتا قانی بچووك پاشان بەرە بەرە گەورە دەبن و شێوەی جیاواز وەردەگرن. بەڵەكی كاریگەرییەكی نێگەتیڤ دەكاتە سەر لایەنی دەروونی تووشبوو كە زیاتر بە شێوەی پەستی یان خەمۆكی خۆی دەنوێنێت. ئەگەرچی هۆكاری تەواوی تووشبوون بە بەڵەكی نەزانراوە، بەڵام لەوانەیە كە هۆكاری زگماكی یان ڤایرۆسی لەپاڵ بێت. قانەكانی بەڵەكی زیاتر لە تووشبووانی خاوەن پێستی تاریك یان ئەسمەردا بەرجەستەتر و دیارتر دەبن. تا ئێستا چارەسەرێكی تەواو بۆ بەڵەكی لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بە چەند هەنگاوێك دەتوانرێت كە قانەكان بۆ ماوەیەك تۆختر بكرێن و تا رادەیك بشاردرێنەوە، بۆ نموونە بەكارهێنانی ئاوێتەكانی دژەخۆر، تیشكی سەرووی وەنەوشەیی دەستكرد.